خانه > * ادبیات - Wêje - وێژه > من ناوم خەونه

من ناوم خەونه

من ناوم خەونه.
خەڵکی وڵاتی ئەفسوونم.
باوکم شاخه و دایکم تەمه
من له ساڵێکی مانگ کوژراو،
له مانگێکی حەفته کوژراو،
له ڕۆژێکی سەعات کوژراودا،
دوای شەوێکی ئاوس به “با”،
دوای شەوێکی پشت کۆماوەی،
هەوراز به کۆڵ،
بەرەبەیانێکی زامدار،
له شەفەقێکی کەسکەوه،
وەک گزنگێکی خوێناوی،
کەوتمه خوارێ و
داگیرسام و بووم به مۆمێک
گڕ به مل و
بووم به پرسێک،
دەم به هاوار.

 شێرکۆ بێکەس